پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان

بەبۆنەی (١٢٢) مین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم. هەروەها (٢٢) مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو.

رێز و پێزانین بۆ رووناکبیران و پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستان و ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا خزمەتیان کرد و گیانی خۆیان بەخت کرد .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/٢١