بەیاننامەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان تایبەت بە و توندوتیژیانەی ڕوبەڕووی رۆژنامەنوسان بویەوە لە کاتی خۆپیشاندانەکان

لەچەند رۆژی رابردودا بەهۆی گرژیەکانی شەقام و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، ڕۆژنامەنوسان ڕوبەڕووی چەندجۆرێکی پێشێلکاری بونەتەوە کە هەموویان پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕین و یاسای ژمارە ٣٥ی رۆژنامەگەری هەرێمی کوردستانن.لەوانە، لە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە رۆژانی ڕابردوو لە شاری سلێمانی و شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان ڕوبەڕووی گرتن و لێدان و توندوتیژی  بونەتەوە. رێگری و جیاکاری لەنێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکرێت بۆ روماڵی پرێس کۆنفرانسەکان و ئەوزانیاریە پێویستیانەی کە دەزگا حکومی و ژورەکانی ئۆپراسیۆنی ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دەیدەن و پێویستە بگوێزرێتەوە بۆ هاوڵاتیان و مافی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنە بەشداری بکەن. سەرباری ئەمانەش جیاکاری کردن و کەلوپەلی رۆژنامەنوسی شکاندن و دەستبەسەراگرتن و سڕینەوەی میمۆری بوەتە نەریتی رۆژانەی هێزە ئەمنیەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان. بۆیە ئێمە لەلیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان وێڕای ئەوەی داوا لەڕۆژنامەنوسان دەکەین بەئەرکی پیشەیی خۆیان هەستن و ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری رۆژنامەنوسی بپارێزن و نەبنە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان. سەرکۆنەی ئەو ڕەفتارانە دەکەین بەرامبەر رۆژنامەنوسان و بەمەترسیەکی تری ئاسایش و لەمپەرلەبەردەم ئازادی و دیموکراسی ئەم هەرێمەی دەزانین. داواکارین هەرچی زوترە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕێکی جدی لەم بارودۆخە بدەنەوەو لەمەزیاتر رۆژنامەنوس قوربانی ململانێ و ئاڵۆزیەکانی نەدات.

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان

سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان

هەولێر- ٣-٦-٢٠٢٠