لە هەولێر یاداشتی لێک تێگەیشتن لەنێوان سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و  یەكێتی راگەیاندنی ئازاد لە رۆژئاوا  واژۆکرا

سەرلەبەیانی ئەمرۆ چوار شەممە  2021.2.10، لە ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەئامادەبوونی ئازاد حەمەدەمین ، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان هەندرێن ئەحمەد سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکا و ئەکەد موراد ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکا ، یاداشتی لێک تێگەیشتن لەنێوان سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتی راگەیاندنی ئازاد لە رۆژئاوا واژوو کرا.

 

دەقی لێک تێگەیشتنەکە

 

یاداشتنامەی لێك تێگەیشتن

لەنێوان یەكێتی راگەیاندنی ئازاد و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

 

لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاودەنگی نێوان رۆژنامەنووسانی كوردستان، كە خزمەت پیشەی رۆژنامەنووسی و ئازادی بیروراو كاری میدیایی دابێت، یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئازاد لە رۆژئاواو ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە بەرواری 30/1/2021 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە، بۆ قسەكردن و لێكتێگەیشتن لەسەر كۆمەڵێك بابەت بۆ چۆنێتی دروستكردنی هەماهەنگی و رێكخستنی باشتری هەردوولا، سەرەنجام، هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن كە یاداشتنامەیەكی هاوبەش لە نێوان خۆیان ئیمزا بكەن،  كە ببێتە بناغە و بەرنامەی كار، بە جۆرێك لە دوا رۆژدا هاوكاربێت بۆبوونی هەماهەنگی گشتگیر تر لە نێوان هەموو یەكێتی و ئۆرگانە میدیایەكانی تری كوردستان كە برگەكانی لێك تێگەیشتنەكە ئەمانەن:.

– كاربكرێ هەموو میدیاكانی كوردستان، پێكەوە پەیامێكی رۆژنامەنووسی پیشەییان هەبێت، كە دووربێت لە هاندان و رق و كینە و دوو بەرەكی بەڵكو پەیامێك بێت بەرژەوەندی باڵای دۆزی كوردستان رەچاوبكات، بەپێی بنەماكان.

– كاربكرێت بۆ گۆرینەوەی پسپۆری لە میانی ئامادەبوون لە كۆرو چالاكی و ورك شۆپی رۆژنامەنووسی هاوبەش، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش هەموو ئامادەییەكی لەو بارەیەوە پیشاندا.

– هەوڵدان بۆ كردنەوەی سەكۆیەكی كراوە بۆ گفتوگۆو دیالۆگ لەمەر پرۆژەی دروستكردنی(فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی سەرتاسەری كوردستان ) كە پێشتر سەندیكای رۆژنامەنووسان كاری لەسەر كردووە، كە ببێتە بناغەی پرۆژەی نیشتمانی هەموو سنورە سیاسیەكان ببرێت و لە بەرژەوەندی تێكرای رۆژنامەنووسە كوردستانیەكان بێت لە هەر كوێیەك بن.

– هەماهەنگی بكرێت لە نێوان سەندیكای رۆژنامەنووسان كوردستان و یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئازاد لە رۆژئاوا، بۆ یەكخستنی هەلوێست و پشتگیری كردن، بۆ چوونە ناو رێكخراوە رۆژنامەنووسیە نێودەوڵەتیەكان.

– كاربكرێت لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ دۆزینەوە و هاریكاری و میكانیزم بۆ ئاسانكاری هاتن و چوونی رۆژنامەنووسان لە نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا

ئەم بەڵگەنامەیە لە رۆژی 10/2/2021 لە بارەگای ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئیمزا كرا

 

 

ئەڤین محمد یوسف                                                                               ئازاد حەمەدەمین

یەكێتی رۆژنامەنووسانی ئازاد لە رۆژئاوا                                                      نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان