لە کاتێکدا وتاری نەفرەت و هاندانی تایفەگەری بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە و بووەتە هۆی پەردەپۆشی بۆ هێرش و تاوانە پلانداڕێژراوەكانی لەسەر پێکهاتەکانی گەلی سووریا، یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە توندترین شێوە ڕۆڵی هاندەری هەندێک دامەزراوەی میدیایی عەرەبی مەحکوم دەکەن، لە پێشەوەیاندا کەناڵەکانی ئەلجەزیرە، ئەلعەرەبیە و ئەلعەرەبیە الحدث، هەروەها سەرجەم ئەو دامەزراوە و کەسایەتییە میدیاییە فەرمییەكانی سەر بە دەسەڵاتی قۆناخی گواستنەوەی سووریاوە هەیە.
ئەم دامەزراوانە بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی درۆ و زانیاری ناڕاست و هاندانی ڕاستەوخۆ بۆ پەیڕەوكردنی توندوتیژی و کوشتار، هاوكات هۆشیاری گشتی دەشێوێنن و بە ئەنقەست پێكهاتەی فرەڕەنگی و کۆمەڵایەتی سووریا تێکدەدەن.
ئێمە ئەم دامەزراوانە بە هاوبەش لە شێواندنی ڕاستی و تاوانەکانی ئێستادا، بە تایبەتی ئەو تاوانانەی کە لە دژی ڕۆژئاوا – باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێن، دەزانین، چونکە دوورکەوتوونەتەوە لە بنەماو پێوەرە پیشەییەكان، پەیمانی شەرەفی ڕۆژنامەوانی پێشێل دەكەن و ملكەچی ئەجەنداکانی سیاسینەو هاوكات بوونەتە ئامرازێکی دووبەرەكی و لێكترازان.
لەم چوارچێوەیەدا، یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوای وەستاندنی دەستبەجێی وتاری نەفرەت و هاندانی تووندوتیژی دەکەن و داوای پابەندبوون بە بێلایەنی و بابەتیبوون و بەرپرسیارێتی پیشەیییان لێ دەکەن. هاوكات بانگ لە هەموو ڕۆژنامەنووسان دەکەن، پابەندی ڕاستی و ویژدان بن و بەشدار نەبن لە بەردەوامیدان بە خوێنڕێژی لەسووریا.
هەروەها بانگ لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، و دامەزراوەکانی ماف پەروەران و یاسایییەكان دەکەین کە بەرپرسیاریەتییەکانیان ئەستۆ بگرن، بەتۆمارکردنی سەرجەم تاوانەکانی وتاری نەفرەت و هاندانی میدیایی كۆكردنەوەی بەبەڵگەكان ، و هەنگاوی ڕاستەقینە بنێن بۆ وەستاندنیانیان. بەیەكجارەكی.
هاوكاتیش بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی دەخەینە سەرشانی ڕۆژنامەنووسانی كارمەندی ئەم دامەزراوانە ، و داوایان لێ دەکەین پابەندی ئەخلاقیاتی پیشەو شەرەفی ڕۆژنامەوانی و پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بن.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
