ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە رێککەوتی ٢٦ـی ١ـی ٢٠٢٢ لە ئۆفیسی تایبەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کرد. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا وێرای باسکردن لە رەوشی رۆژنامەنووسی و جەختکردنەوە لە راگرتنی بلانسی جێندەری لە دەزگاکانی راگەیاندن، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی بۆ پرۆژەو کارەکانی سەندیکا دووپات کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دۆخی رۆژنامەگەری و و رۆڵی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانی لەبەرامبەر چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. دواتر هەریەک لە جێگری نەقیب و سکرتێری ئەنجوومەن و ئەندامانی ئەنجوومەن بۆچوونی خۆیان بەرامبەر پرسەکانی کاری میدیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەپێکرد.