دوای ئەوەی بە سەرۆکی کیشوەری ئاسیای ئای پێ ئێس هەڵبژێردرا، هی دۆن جۆن یەکەم کۆبونەوەی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بوو، سەرەتا دارەوان حاجی حامید نوێنهری پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەی لێکرد، هیوای خواست پشتیوانی تەواوی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بێت لە سەرجەم ڕووەکانەوە، لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەرهاد ئەکرەم ئەندامی شاند ئامادەی بوو، داواکرا سەرۆکی ئای پێ ئێسی کیشوەری ئاسیا هاوکاربێت بۆ ئەوەی زۆرترین ڕۆژنامەنووسی وەرزشی ببنە ئەندامی ئای پێ ئێس.
لەلای خۆیەوە هی دۆن جۆن، سوپاسی نوێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانی کرد، کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەنگیان پێداوە، ئاماژەی بەوەکرد یەکەم کۆبونەوەی دوای هەڵبژاردنی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بووە و ڕایگەیاند: گەلی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان و کورد میللەتێکن بوونەتە هۆی قوربانی میللەتانی زلهێز و چەندین قوربانیانداوە، بۆیە ڕێزێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێم و ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی هەیە و پشتیوانی تەواوی دەبێت بۆ پێشخستنی ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی، هەروەها کاردەکات بۆئەوەی زۆرترین ئەندامی ڕۆژنامەنووسان بکاتە ئەندام لە ئای پێ ئێس.
هی دۆن جۆن بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی: هەوڵی تەواو دەدەین لە سەرجەم کۆبونەوەکانی کیشوەری ئاسیا نوێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئامادەبن، بەتایبەت لە مانگی ٣ی ساڵی داهاتوو، کۆنفرانسێکی گرنگ دەکەین، بانگهێشتی تایبەتتان بۆ دەنێرین بۆئەوەی وەفدێکتان لە کۆریای باشوور ئامادەبن.
لە کۆتاییدا دارەوان حاجی حامید سوپاسی پشتیوانییەکانی کرد و پیرۆزبایی لە سەرۆک هی دۆن جۆن کرد و خەڵاتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانی پێبەخشی.
رۆما
٤ – تشرینی یەکەمی – ٢٠٢٢