دووەم ڕۆژی کۆنگرەی ئای پێ ئێس لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەردەوامی هەیە، بۆ یەکەم جارە وەفدی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتکراوە و هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەت لەم کۆنگرەیە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، دارەوان حاجی حامید نوێنهری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ جیۆرجی سزۆلۆزی سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی هەنگاریا کۆبوویەوە، لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەرهاد ئەکرەم ئەندامی شاند ئامادەی بوو، دارەوان بە وردی باسی کاروباری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی بۆ بەڕێزیان کرد لە دەرەوەی وڵات، ووتی:
ئێمە یەکەمین جارە بەشداری ئەم کۆنگرەیە دەکەین و بەدڵنیاییەوە ئێوە ئەزموونتان زیاترە لە ئێمە بۆیە پێویستمان بە هاوکاری و پشتیوانی ئێوە دەبێت بۆ پێشکەوتنی زیاتری سەندیکاکەمان و خزمەتکردنی ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی.
لەبەرامبەردا سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەنگاریا خۆشحاڵی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد من زۆر دۆستی کورد و هەرێمی کوردستانم و لە ئێستاوە ئامادەی یاداشتی لەیەک تێگەشتنم لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، وە لێرە دەنگی من بۆ ئێوە دەبێت بۆ بەشداری کردنتان لە کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی داهاتوو.
جیۆرجی سزۆلۆزی بەردەوام بوو لە قسەکانی لەسەر پشتیوانی هەرێمی کوردستان و بەڵینی کاری پێکەوەیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەنگاریا و هەرێمی کوردستانی دوپات کردەوە و بەڵێنیدا بۆ سەرجەم کۆنگرە و کۆنفرانسە گرنگەکانی هەنگاریا، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەبیرنەکات، لە کاتی پێشکەشکردنی مەلەفی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەندامی هەمیشەیی ئای پێ ئێس دەنگی خۆی و هاوڕێکانی بە بەڵێ دەبن بۆیان.
ڕۆما
٤ ـ تشرینی یەکەمی ـ ۲٠۲۲