لە دووەم ڕۆژی کۆنگرەی ئای پێ ئێس لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، دارەوان حاجی حامید نوێنهری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ بەڕێز شالی کامینزولا سەرۆکی کیشوەری ئەوروپای ئای پێ ئێس کۆبوویەوە، لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەرهاد ئەکرەم ئەندامی شاند ئامادەی بوو.
دارەوان حاجی حامید بە وردی باسی لە گرنگی بەشداری کردنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی لەم کۆنگرەیە کرد، ووتی: ئێمە سوپاستان دەکەین، کە پشتیوانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بوون و ڕێگەتانداوە، کە ئێمە بۆ یەکەمین جار بەشداربین لەم کۆنگرەیەدا.
دارەوان ئەوەشی دووپات کردەوە: تەنها بەشداریکردن بۆ ئێمە بەس نیە و دەمانەوێت وەک سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ببینە ئەندامی هەمیشەیی ئای پێ ئێس و بەشداری سەرجەم کۆنفرانس و کۆنگرەکان بکەین.
ئاماژەشی بەوەکرد: جەخت دەکەینەوە لە پرۆژەی هاوبەش، شاندی سەندیکا هیوای خواست کارئاسانی زیاتربکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندامی ئای پێ ئێس ببنە ئەندام و مافی ئەوەیان هەبێت بێنە دونیای دەرەوە و چالاکییە بەهێز و پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییەکان ببینن، کە دواجار ئەمەش دەچێتە خزمەتی پێشکەوتنی وەرزش لە هەرێمی کوردستان.
لەبەرامبەردا بەڕێز شالی کامینزولا سەرۆکی کیشوەری ئەوروپای ئای پێ ئێس، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدارەکە و وتی: ئێوە شایستەی ڕێزن و زۆر چالاکانە بەشداری پانێڵەکان و پرۆژەکانمان دەکەن و ئومێدی زۆرمان هەیە بە گەشەکردنی زیاتری سەندیکاکەتان.
لەمڕوەوە وتی: من وەک سەرۆکی ئای پێ ئێسی ئەوروپا (٣٠) کارتی ئەندام بوونتان بۆ دەکەین و دواتر ڕێژەکەش زیاتر دەکەین.
دواتر ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە پشتوانیتان دەکەین بۆ هەر پرۆژەیەک ئێوە بیخەنە ڕوو.
سەرۆک شالی کامینزولا بەڵێنی دووپات کردەوە، کە بۆ سەرجەم کۆنگرە و کۆنفرانسە گرنگەکان سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەبیر نەکات، لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد: چاوەڕێی پێشکەشکردنی مەلەفی بوون بە ئەندام بوونتان دەکەین بۆ ئەوەی بە فەرمی بگاتە دەستمان و دوای هەڵسەنگاندن بیخەینە دەنگدانەوە، بەدڵنیاییەوە بۆ دەنگدانیش پشتیوانی تەواوتان دەبین.
لە کۆتایدا شاندی سەندیکا پیرۆزبایی بوون بە سەرۆکیان لێکردەوە و هیوای سەرکەوتنیان لە کارەکەی بۆ خواست و خەڵاتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیان پێبەخشی.
ڕۆما
٥ ـ تشرینی یەکەمی ـ ۲٠۲۲