لە کۆتا ڕۆژی کۆنگرەی ئای پێ ئێس لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، وەک نوێنەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز جیانی میرلۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئای پێ ئێس کۆبووینەوە، لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەرهاد ئەکرەم ئەندامی شاند ئامادەی بوو.
بە وردی باسم لە گرنگی بەشداری کردنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانم لەم کۆنگرەیە کرد، سوپاسی بەڕێزیانم کرد، کە پشتیوانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بوون و ڕێگەتانداوە، کە ئێمە بۆ یەکەمین جار بەشداربین لەم کۆنگرەیەدا.
لەو دیدارەدا باسم لەوە کرد هیوادارین ساڵانی داهاتوو تەنها بەشداری کردن نەبێت و ئێمە دەمانەوێت وەک سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ببینە ئەندامی هەمیشەیی ئای پێ ئێس و بەشداری سەرجەم کۆنفرانس و کۆنگرەکان بکەین.
ئاماژەشم بەوەکرد: جەخت دەکەینەوە لە پرۆژەی هاوبەش، شاندی سەندیکا هیوامان خواست کارئاسانی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ڕۆژنامەنووسمان ببنە ئەندامی ئای پێ ئێس و مافی ئەوەیان هەبێت بێنە دونیای دەرەوە و چالاکییە بەهێز و پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییەکان ببینن، کە دواجار ئەمەش دەچێتە خزمەتی پێشکەوتنی وەرزش لە هەرێمی کوردستان.
وێرای پیرۆزبایمان بۆ بەڕێزیان، پێمان ڕاگەیاند بەم نزیکانە مەلەفێکی ورد ئامادە دەکەین بۆ بوون بە ئەندام بوون لە ڕێکخراوەکە و خۆشحاڵی خۆشمان دەربڕی هەرکات بەڕێزیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە ڕێگەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستانەوە میواندارییەتی دەکەین.
لەبەرامبەردا بەڕێز جیانی میرلۆ سەرۆکی ڕێکخراوی ئای پێ ئێس، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدارەکە و وتی: ئێوە شایستەی ڕێزن و زۆر چالاکانە بەشداری کۆنگرەکە بوون ئومێدی زۆرمان هەیە بە گەشەکردنی زیاتری سەندیکاکەتان.
لەمڕوەوە وتی: من وەک سەرۆکی ئای پێ ئێسی، پشتیوانی تەواوتان دەکەم و هاوکارەکانم، پێیان ڕاگەیاندم کە کۆبونەوەی باشتان ئەنجامداوە و ئەوانیش پشتوانیتان دەکەن.
سەرۆک میرلۆ بەڵێنی دووپات کردەوە، کە بۆ سەرجەم کۆنگرە و کۆنفرانسە گرنگەکان سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی جیهان هەرێمی، کوردستان لەیاد ناکات، لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد: دڵنیام سەندیکاکەتان دەبێتە ئەندامی هەمیشەیی ئای پێ ئێس و چاوەڕێی پێشکەشکردنی مەلەفی بوون بە ئەندام بوونتان دەکەین بۆ ئەوەی بە فەرمی بگاتە دەستمان و دوای هەڵسەنگاندن بیخەینە دەنگدانەوە و پێش دەنگدانیش بۆ لەنزیکەوە زیاتر ئاشنابوون بە هەرێمی کوردستان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم.
دواتر خەڵاتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە بەڕێزیان کرد.
شایەنی باسە کۆنگرەی (٨٤)ـەمی ئای پی ئێس لە کارپیکنا پاڵاس لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و ئەمڕۆ کۆتایی بە کۆنگرەکە هات.
٥ ـ تشرینی یەکەمی ـ ۲٠۲۲