شاندێکى باڵاى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان سەردانى ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس دەکات و، پیرۆزبایی ٤٠ ـمین ساڵیادی دروستیان لەسەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى کارگێری ئەو ئەنیستیتوتە کلتووریەى کورد کرد. ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانى کوردستان بەیاوەرى بژار حەکیم، جێگری نەقیب و، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجومەنى لەگەڵ دکتۆر کەنداڵ نەزان، سەرۆکى ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس کۆبوونەوەو، گفتوگۆیان لەبارەى کلتوورى کوردو، ڕەوشى رۆژنامەنووسی لەهەرێمى کوردستان و، هەرچوار پارچەکەى کوردستان کرد. لەدرێژەى قسەو باسەکانى خۆیدا حاکم ئازاد، ئاماژەى بەوە کرد ” ئەوان لەماوەى رابردوو چەندین پرۆژەو هەنگاوی ئەرێنیان داوە، بۆ پاڵپشتى کردن لەرۆژنامەنووسان و، هاریکاریی کردنیان لەهەموو ڕەوش و بارودۆخێکدا”. گووتیشى ” توانیومانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان پرسی رۆژنامەنووسان لەچوارچێوەى یاسایی خۆیدا جێگیر بکەین”. ئاشکراشی کرد ” هەولێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی فیدراسیۆنێکى گشتى لەنێو سەندیکا رۆژنامەوانیەکانى هەرچوار پارچەى کوردستان دروست بکەن و، تاوەکو ئێستاش پرسەکە گفتوگۆ و کاری لەسەر دەکرێت”. نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، دووپاتیکردۆتەوە ” ئێستا لەسەر ئاستى جیهان سەندیکاى رۆژنامەنووسان تاکە لایەنى فەرمیە لەپرسى رۆژنامەنووسان و، جێی باوەڕی زۆربەى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە”. لەلایەن خۆیشیەوە بژار حەکیم، جێگری نەقیب کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی لەسەر پرسی یەکسانى نێوان رۆژنامەنووسان لەهەردوو ڕەگەز کرد، بەتایبەت لەنێو دامەزراوە میدیاییەکان خستەروو. باسى لەوەشکرد ” ئەوان بەمدواییانە لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوە میدیاییەکان لەنزیکەوە گفتوگۆییان کردووەو، توانیویانە زۆربەى ئەو کێشانەى دێنە بەردەم رۆژنامەنووسان لەرێگەى پێگەیەکى تایبەتەوە چارەسەر بکەن”. هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجومەنى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، نەیشاردەوە وەکو سەندیکاى رۆژنامەنووسان بەووردی قسەو گفتوگۆ لەسەر مەسەلەى ماف و ئەرکی رۆژنامەنووس کردو، کە زۆر جاران پرسەکان دوور لەرێنماییەکان تێکەڵ بەیەکتر دەکرێن. گووتیشى ” ئەوان وەکو سەندیکا بەرگریی لەهەموو رۆژنامەنووسێک دەکەن، بەبێ ئەوەى ڕەچاوی ئەوە بکرێت ئەندامى سەندیکایە یاخود نا، بەڵام بەو مەرجەى ئەرکى رۆژنامەنووسی جێبەجێ بکات”. لەبەرامبەردا دکتۆر کەنداڵ نەزان، سەرۆکى ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس، لەپاڵ بەخێرهاتنى شاندی سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، باسى لەچالاکییەکانى ئەنیستیتوت کرد لەماوەى چل ساڵى دامەزراندنیدا، کە توانیویانە لەگەڵ لایەنە نێوخۆییەکانى فەرەنساو جیهان پەیوەندییەکى کلتووری فراوان دروست بکەن. روونیشیکردەوە ” لەمدواییانە زانکۆی ژاپۆنى کۆمەڵێک قوتابی لەتۆکیۆیەوە ناردووەتە لای ئێمە بۆ ئەوەى فێری کوردی بێت و، لەداهاتوودا کتێبخانەیەکى تایبەت بەزمانى کوردی لەنێو زانکۆکەکەیان بکەنەوە”. وتیشى ” توانیومانە چەندین کتێبی کلتووری لەزمانى کوردییەوە وەڕبگێرینە سەر زمانى فەرەنسى، دوایین بەرهەمیش بەمنزیکانە چاپ دەکرێن کتێبی مامۆستا هەژار موکریانە بەناوى چێشتى مجێوەر، کە لەداهاتوویەکی نزیکدا لەنێو کتێبخانەی فەرەنسى زمان بڵاو دەبنەوە”. هاوکات لەدرێژەى ئەو سەردانەدا شاندەکەى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، بەبۆنەى چل ساڵەى دامەزراندنی ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس، بەشداریی لەپێشانگایەکى هونەرى و پەیکەرسازی هەرچوار پارچەى کوردستان کرد، کە سەرجەم ئەو هونەرمەندانەى لەئەورۆپا دەژین، بەشدارییان تێدا کردووەو، تایبەتیش بەپرسى مافى ئافرەتان و، کلتووری کوردی. پێشانگاکەش لەنێو هۆڵى سەرەکیی شارەوانى ١٠ ـمینی پاریس کرایەوەو، چەندین کەسایەتى فەرمیی حکومەتى فەرەنساو، نوێنەرایەتى هەرێمى کوردستانیش بەشداریی تێدا کردووەو، سەرۆکى شارەوانیش لەلایەن خۆیەوە لەسەر ئەو بابەتە ووتارێکى دۆستایەتى پێشکەش بەئامادەبووانى پێشانگاکە کرد. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنیستیتوتى کورد لەساڵى ١٩٨٣ لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتى ناسراوى کوردو فەرەنسى لەبوارە جیاجیاکان لەپاریس بەمەبەستى پارێزگاری و گرنگی دان بەکلتوورو ئەدەبی کوردی دامەزراو، ئێستا یەکێکە لەو ناوەندە کلتوورییانەى گرنگییەکى زۆری پێدەدرێت لەلایەن حکومەتى فەرەنساوەو، ساڵانەش چەندین پرۆسەى تواناسازی بۆ قوتابیانى هەرسێ پارچەکەى کوردستان بۆ خوێندنى باڵا دابین دەکات.