رێکخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی کولتووری مەدەنی و ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پرۆژەیەکی هاوبەش بۆ خزمەتی رۆژنامەنووسان جێبەجێدەکەن.
رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ٢٤ـی ١ـی ٢٠٢٤ شاندێکی باڵای رێکخراوی ئاران پەرەپێدانی کولتووری مەدەنی، کە پێکهاتبوون لە هەژار بابان، سەرۆکی رێکخراو و هەریەک لە ئاسۆ محەممەد، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و نیزام نازم، ئەندامی بۆردی چالاکییەکان، سەردانی ئۆفیسی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیان کرد.
شاندەکە لەلایەن ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان و بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان پێشوازی کران.
لە دانیشتنەکەدا، رێکخراوی ئاران و ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گفتوگۆیان کرد لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەیەک لەبواری چۆنیەتی کاراکردنی سندووقی خانەنشینیی رۆژنامەنووسانی کوردستان.
بڕیارە بەمزووانە لە شاری هەولێر، لە چالاکییەکدا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بە بەشداری شارەزایانی یاسا و رۆژنامەنووسان.