ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٤/٤/٢ شاندێکی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسان کە پێکهاتبوون لە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، بژار حەکیم، جێگری نەقیب و ئەکەد موراد ئەندامی ئەنجوومەن، سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییان کرد.
شاندەکەی ئەنجوومەنی سەندیکا لەگەڵ کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەت کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا، نەقیبی رۆژنامەنووسان و هاوڕێکانی داوایان لە وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کرد، میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی دەستەبەری رۆژنامەنووسان.
سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریاندا بە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری، بۆ گەیشتن بە میکانیزمی چۆنیەتی دەستەبەرکردنی رۆژنامەنووسان و مافی خانەنشین بوونیان.