پەیماننامەی جیهانیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان بۆ ئێتیکی کاری رۆژنامەنووسی لە سێیەمین کۆنگرەی ئەم فیدراسیۆنە لە ڕێککەوتی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە وڵاتی تونس پەسەند کرا. ئەم پەیماننامەیە تەواوکاری جاڕنامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانە بۆ پرەنسیپ و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەنووسی کە بە جاڕنامەی (Bordeaux) ناسراوە و لە ساڵی ١٩٥٤ دەرچووە.
پەیماننامەکە لەسەر بنەمای دەقە سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بەدیاریکراویش جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، دامەزراوە. بە گشتی ١٦ بەند لەخۆ دەگرێت لەگەڵ پێشەکییەک کە ئەرک و مافەکانی ڕۆژنامەنووسان لە چوارچێوەی ئێتیکی کارەکەیاندا دیاری دەکات.
پێشەکی
مافی هەموو کەسێک بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری و بیرۆکە، کە لە بەندی (١٩)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی پێدراوە، بناغەیە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی. ئەرکی ڕۆژنامەنووس بەرامبەر بە خەڵک لە پێش هەموو ئەرکێکی دیکە دێت، بەتایبەتیش بەرامبەر خاوەنکار و بەرپرسانی کەرتی گشتی. ڕۆژنامەنووسی پیشەیەکە کە پێویستی بە کات و سەرچاوە و ئامرازە پێویستەکانە بۆ پراکتیزەکردنی؛ و سەرجەم ئەمانەش پێویستن بۆ بێلایەن بوون لە پیشەکەدا. ئەم جاڕنامە نێودەوڵەتییە هێڵە گشتییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی لە لێکۆڵینەوە، نووسین، گواستنەوە، بڵاوکردنەوە، و ڕاو سەرنج دان لەسەر هەواڵەکان و زانیارییەکان، دیاری دەکات.
-
ڕێزگرتن لە ڕاستییەکان و ڕێزگرتن لە مافی خەڵک بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان یەکەم ئەرکی ڕۆژنامەنووسە.
-
لەم پیشەیەدا، ڕۆژنامەنووس پێویستە لە هەموو کاتێکدا پرەنسیپەکانی ئازادی، ڕاستگۆیی لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ، مافی توانجلێدان و ڕەخنەگرتن بپارێزێت. هاوکات، پێویستە دڵنیایی بدات لەوەی کە بە ڕوونی زانیاریی ڕاستەقینە لە لێدوان و ڕەخنە جیادەکاتەوە.
-
ڕۆژنامەنووس پێویستە تەنها ڕاپۆرتەکان لەسەر زانیاریی دروست بگوازێتەوە کە خۆی لە سەرچاوەکەیان دڵنیایە. پێویستیشە لەسەری کە لە زانیارییە پێویستەکان لانەدات و هیچ بەڵگەنامەیەک ساختە نەکات.هاوکات دەبێت بە وردی و بە ئەمانەتەوە کار لەسەر هەر بابەت و لێدوانێک بکات کە کەسی ئاسایی و لەدەرەوەی پۆستی فەرمی لە سۆشیال میدیا بڵاوی کردۆتەوە.
-
ڕۆژنامەنووس پێویستە تەنها ڕێگەی دادپەروەرانە و ئاشکرا بەکار بهێنێت بۆ وەرگرتنی زانیاری و وێنە و بەڵگەنامە و داتا، و لە هەموو بارێکدا پێگەی خۆی وەک ڕۆژنامەنووس لە ڕاپۆرتکردنی بابەتێکدا بپارێزێت و خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی دەنگی یان وێنەیەک کە بە شاراوەیی تۆمار کراون، مەگەر لە بارودۆخێکدا کە ئەستەم بێت ئەو زانیارییانە کۆ بکاتەوە کە لە بەرژەوندی گشتیی خەڵکدان. پێویستە داوای دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە سەرچاوەی زانیارییەکان و مافی بنکۆڵکردنی ئازادانەی ڕاستییەکان بکات کە لە بەرژەوندی گشتیدان.
-
پەلە و خێرایی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری نابێت پێش پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان و سەرچاوەکانی و وەڵام لێگێرانەوە بکەوێت.
-
ڕۆژنامەنووس پێویستە هەرچی لە توانایدا هەیە بە شێوەیەیەکی خێرا و ئاشکرا و پوخت و شەفاف، بیکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەر هەڵەیەک یان هەر زانیارییەکی بڵاوکراوە کە دواتر بۆی دەرکەوتووە کە ڕاست و دروست نییە.
-
ڕۆژنامەنووس پێویستە نهێنی پارێز بێت سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو زانیارییەی کە بە متمانەوە زانیارییەکانی پێ بەخشیوە و ناخوازێت ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێت.
-
ڕۆژنامەنووس سنووری تایبەتی کەسەکان دەپارێزێت. پێویستە ڕێز لە کەرامەتی ئەو کەسانە بگرێت کە ناویان دێنێت و هەمیشە ئەو کەسەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکات ئاگادار بکاتەوە لەوەی کە گفتوگۆکەیان یان هەر بابەتێکی دیکە بۆ بڵاوکردنەوە بەکار دەهێنێت. پێویستیشە بەتایبەتیتر مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکات و کەسی نەشارەزان یان مەترسی زەرەرمەندبوونیان لە چاوپێکەوتنەکە هەیە.
-
ڕۆژنامەنووسان پێویستە دڵنیایی بدەن لەوەی کە زانیارییەکان یان بیروبۆچوونەکان نەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دەمارگیری. پێویستیشە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە بڵاوکردنەوەی جیاکاری لەسەر بنەمای جوگرافیا، پاشخانی کۆمەڵایەتی یان ئەتنی، ڕەگەز، ئاراستەی جێندەری، زمان، ئایین، کەم ئەندامێتی، سیاسەت، یان هەر ڕاو بۆچوونێکی دیکە.
-
بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێک، خراپترین لادان لە کاری پیشەییانە بریتییە لە: دزینی زانیاری بێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکەی، شێواندنی ڕاستییەکان، ناوزڕاندن و تاوانبارکردنی بێ بنەما.
-
ڕۆژنامەنووس پێویستە خۆبپارێزێ لە هەڵسوکەوتکردن وەک یارمەتیدەری پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش. ئەوەی ئەرکە لەسەر ڕۆژنامەنووس تەنها ئەوەیە کە ئەو زانیاریانەیان بۆ بخاتە ڕوو کە پێشتر لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاو کراونەتەوە.
-
ڕۆژنامەنووس هاوخەم و هاوسۆزی هاوپیشەکانیەتی بێ چاوپۆشیکردن لە ئازادی بنکۆڵکردن، ئەرکی گەیاندنی زانیاری، و مافی ڕەخنەگرتن، ڕاوبۆچوون دەربڕین و تەنز و شێوازی نووسین.
-
ڕۆژنامەنووس نابێ ئازادی ڕۆژنامەگەر بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە بەکار بهێنێت و پێویستیشە خۆی بەدوور بگرێت لە وەرگرتنی هەر جۆرە ئیمتیازێکی نادادپەروەرانەو و قازانجی کەسی کە بەهۆی بڵاوکردنەوە یان بڵاونەکردنەوەی زانیارییەوە پێی پێشنیار بکرێت. پێویستە لەسەر ڕۆژنامەنووس خۆی بەدوور بگرێت یان کۆتایی بە هەر بارودۆخێک بێنێت کە دەبێتە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان لە کار و پیشەکەیدا. پێویستە خۆی بەدوور بگرێت لەوەی کە کار و چالاکییەکانی بکەونە خانەی ڕێکلام و پڕۆپاگەندە. ڕۆژنامەنووس هاوکات نابێت وەک کەسێک مامەڵە بکات کە کاریگەری لەسەر قۆرخکردنی بازاڕ و کارە بازرگانییەکان هەبێت.
-
ڕۆژنامەنووس نابێت هیچ کارێک بکات یان لە هیچ چالاکییەک بگلێ کە سەربەخۆییەکەی وەک ڕۆژنامەنووسێک بخاتە مەترسییەوە. پێویستیشە ڕێز لە شێوازەکانی کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری بگرێت کە پێشتر قبوڵی کردوون، بۆ نموونە گفتوگۆیەک کە بۆ بڵاوکردنەوە نەبووە، یان لێدوانێک کە داوا کراوە بێ ئاشکراکردنی ناوەکەی بڵاو بکرێتەوە.
-
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە شایانی ئەم ناوەن، پێویستە پابەندبوونیان بەم پرەنسیپانەی سەرەوە بە ئەرکی خۆیان بزانن. پێویستە ڕۆژنامەنووس لە هیچ بارێکدا ناچار نەکرێت کارێک ئەنجام بدات یان ڕاو بۆچوونێک بخاتە ڕوو کە دژی بیر و بۆچوونی پیشەییانەی خۆیەتی.
-
لە چوارچێوەی یاسا گشتییەکانی هەر وڵاتێکدا، ڕۆژنامەنووس پێویستە ڕەچاوی دەسەڵاتە سەربەخۆکان بکات کە بەردەستن بۆ خەڵکی و پێویستە ڕێگە نەدرێت بە دەستوەردانی حکومەتەکان و لایەنەکانی دیکە.