بە بۆنەی (126)ەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردستان و( 26)ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی رۆژنامەنووسان و سەندیكای رۆژنامەنووسان دەکەین.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە تەواوی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی کوردستان دەکەین، بەو هیوایەین ئەم دوو بۆنە پاڵنەرێکی هاندەر بن بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕەخساندنی کەشێکی تەندروست بۆ کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر بوونەتەوە، بۆیە بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە لە کاتی کاری ڕاگەیاندن، داوای ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو دەکەین لە ڕێگەی:
– فراوانکردنی پانتایی ئازادی و ڕێگریکردن لە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.
– پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری وەک دەستکەوت بۆ دیموکراسی.
– پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی یاساکانی ڕۆژنامەگەری و گونجاندن لەگەڵ پێشهاتە مۆدێرنەکانی بواری ڕاگەیاندن.
لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین و داوا لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ڕێز و پابەندی یاسا و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری بن، هاوکات پابەند بن بەپاراستنی زمانی کوردی.
سڵاو لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و بەرزو پیرۆز بێت رۆژی رۆژنامەگەری كوردی.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
مەكتەبی سکرتاریەت
٢٢-٤-٢٠٢٤