رۆژی شەممە رێککەوتی ١١ـی ١ـی ٢٠٢٥ ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەسەرپەرشتی ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆبووەو تاوتوێی دۆخی کاری میدیا و رۆژنامەوانیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و پارێزگاری دهۆک، گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆخ و ژیان و گوزەرانی رۆژنامەنووسان بە گشتی و شاری دهۆک بەتایبەتی.پارێزگاری دهۆک پشتیوانیی خۆی بۆ کاری میدیا و رۆژنامەنووسانی شارەکە دووپاتکردەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەندیکا و پارێزگاری دهۆک هاوکات بوو لەگەڵ، رێوەرەسمی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ژمارە ٣٣ـی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤
رێورەسمی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک، نوێنەری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، نوێنەری ئاسایش و پۆلیس و دەزگەکانی راگەیاندن، لە هۆتێل ژیان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.
رێوەرەسمی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، هەریەک لە نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، پارێزگاری دهۆک و سکرتێری لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گوتاریان لەبارەی دۆخی کاری رۆژنامەنووسی خوێندەوەو دواتر سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان داتاکانی نێو راپۆرتەکەیان ئاشکراکرد.