بەڕێزان
ئەمڕۆ لێرە کۆبوینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژى (جیهانى دەربازنەبوونى تاوانباران لە سزا) کە (2/11)ى هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێکدەخرێت.
واتا کۆبوونەوەمان، جەختکردنەوەى هەموومانە، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، میدیا و کارى پیشەیی میدیاکاران.
لە هەمانکاتدا دەنگ هەڵبڕینمانە و یەکخستنى هاوار و داواکانمانە بەشێوەیەکى یاسایی و دادگەرانە بۆ پاراستنى گیان و سەلامەتییان تا سزاى بکەران و بکوژانى ڕۆژنامەنووسان بدرێت و بدرێنە دادگاکانى هەرێمى کوردستان.
دەنگ هەڵبرین و پشتیوانى و جەسوربوونمان و کۆبوونەوەمان، ئاماژەیە بۆ بەجێ گەیاندنى ئەرکى ئەخلاقى، پیشەیی و هاوپیشەیی بوونمان لە (ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان) بۆ ئەو (5) ڕۆژنامەنووسەى تیرۆرکران و پشتیوانییە لەو (1440) ڕۆژنامەنووسەى پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە.
ڕۆژنامەنووسانى بەڕێز:
حکومەتى هەرێمى کوردستان، دادگاکان و داموودەزگا ئەمنییەکانى، نەک هەر ئەرکییانە بکوژانى ڕۆژنامەنووسان بدۆزنەوە و بە سزایان بگەێنن، بەڵکو ئەرکى گرنگتر لەوە و سەرەکییان ئەوەیە، کە پارێزگارى لە ڕۆژنامەنووسان بکەن و پیشەکەیان لە چوارچێوەى یاسادا ڕێزى لێبگیرێت و کارى ڕۆژنامەنووسانى پرۆفیشناڵ بە ڕەسمى بناسرێت و ڕێزى لێبگرێت و یاساى ژمارە (35) ساڵى 2007 (یاساى کارى ڕۆژنامەنووسى) و یاساى ژمارە (11)ى ساڵى 2013 (یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارى) وەکو دوو یاساى پارێزەرى مافەکانى ڕۆژنامەنووسان جێبەجێ بکرێن.
بەڵام وەکو ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان گلەییمان هەیە و نیگەرانین کە وەکو پێویست ئەو ڕێوشوێنانە نەگیراونەتە بەر و لە زۆر کاتدا وەکو پێویست هاوکارى سەندیکا نەکراوە و مامەڵەى پێویست بۆ ڕاپۆرتەکانى (لیژنەى داکۆکى و ئازادى ڕۆژنامەنووسى و مافى ڕۆژنامەنووسان) نەکراوە و مامەڵەى دروست و تەندروست لەگەڵ هاوپیشەکانمان نەکراوە کە لە ژێر چەترى سەندیکادا وەکو مەرجەعى خۆیان سەیر دەکەن و چاوەڕێى مافەکانیانن.
بەڕێزان بۆ ئەم گلەییانەمان پشت بە فاکت و داتا و زانیارییەک دەبەستن کە لەبەردەستماندایە، ئەم گلەییانەمان لەو بێ ئومێدییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بکوژانى ڕۆژنامەنووسان دیارى نەکراون و سزا نەدراون، لە کاتێکدا ئەوەش دەزانین ئەم دیاردەیە لە ئەمەریکا و ئەوروپا تا کۆنگۆى دیموکرات و یەمەن و ئەفغانستان، لە وڵاتانى دیموکراسی و پڕ ئازادییەوە تا وڵاتانى تۆتالیتار و تاکڕەو بەردەوام ڕوودەدەن و دوبارە دەبنەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێمە وەکو هیچ وڵات و شوێنێکى تر نین، بێ دەوڵەتین و سەربەخۆ نین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژنامەنووس بکوژرێت کارەساتە و لەوەش کارەساتتر نەدۆزینەوەى بکوژانیان و بە سزا نەگەیاندنییانە.
خانەوادەى شەهیدان:
لە کاتێکدا کۆمەڵگاى بەشەرى چەند ئازادیخوازێک و ڕۆژنامەنوسێکى بوێرى لە دەستدا. کۆمەڵگاى کوردستانیش چەند ئینسانێکى پڕ سەرمایە و چەند چرایەکى ناو شەوە زەنگى تاریکستانى لە کیس چوو. ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، هاوڕێی و مرۆڤ گەلێکى مەزنى پڕ لە خەون و ئایدیا و ڕێبازیان لەدەستدا، خانەوادەکەشیان جگەر گۆشەیەکى مەزن و سەرمایەکى ناو باوەشی گەرم و موحیبەتییان لێ فرێندرا، واتا هەموومان دەنگ و ڕەنگ و چەند کائینێکى گەورەى ڕێگاى ئازادى، تێکۆشان و ئازادى میدیا و ڕۆژنامەنوسیمان لەدەستدا، کە هەرگیزاو هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە.
فاکت و دۆکیۆمێنتەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان پێمان دەڵێت لە ساڵى (2008 – 2018) لە هەرێمى کوردستان (5) ڕۆژنامەنووس تیرۆرکراون، بەڵام دڵنیاین تیرۆرکردنى ئەمانە هەرگیز ناتوانێت ئازادى سەرکوت بکات و فەزاى ئازادى بخنکێنێت و کار و کردەوەکانیان وەک هەمیشە زیندون و ڕێگاى ڕۆشنى هەموومانە.
سەرئەنجام ئەوەى لەم مەیدانەدا براوەیە، ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازنن و هەر ئەوانیشن دەتوانن پاڵ بە تاکڕەوى و تیرۆریستان و بکوژانى قەڵەم بنێن بۆ کۆتاییهاتن بەم ڕەشەکوژى و تۆقاندنە لە پاڵ ئەوەدا، لە هەموو هەوڵێکى خۆمان لە پشت ڕۆژنامەنوسان و قەڵەمى ئازا و ئازاد دەبین و لەنێوان هەموو بژاردەکان ئێمە هاین لە پشت ڕۆژنامەنوسان بووین و لە پێشەوەشیان (سۆران، کاوە، سەردەشت و ویداد).
هاوپیشە بەڕێزەکان:
هەروەها لە ماوەى ئەو دە ساڵەدا (898) حاڵەتى پێشێلکارى لە گرتن و لێدان و ڕێگرى بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس کە (1328) ڕۆژنامەنووسی نێر و (64) ڕۆژنامەنووسی مێینە ئەنجامدراوە، کە (347) حاڵەت لە هەولێر و (285) حاڵەت لە سلێمانى و (107) حاڵەت لە دهۆک و (59) حاڵەت لە کەرکوک و (18) حاڵەت لە هەڵەبجە و (18) حاڵەت لە موسڵ و (6) حاڵەت لە کفرى و (6) حاڵەت لە خانەقین و (5) حاڵەت لە سەڵاحەدین و (4) حاڵەت لە بەغداد و (4) حاڵەت لە دیالە ڕوویداوە، ئەم ژمارە و ڕێژانە هاوکاتە لەگەڵ ڕێژە و داتایەکى مەترسیدار لە جیهاندا کە لە ساڵى 2008 – 2018 (760) ڕۆژنامەنووس کوژراون و تیرۆرکراون و تەنها لە (2018)شدا (77) ڕۆژنامەنووس کوژراون تەنها خاڵى هاوبەشیان ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسن و هاوپشتمانن و سزاى بکەران و بکوژانیشیان وەکو کوردستان نەدراوە، واتا ژانى هاوبەشمان هەیە و پێویستە خەبات و فشارى مەدەنیشمان هاوبەش بێت کە ئێمە وەکو سەندیکا لەگەڵ (IFJ) ئەو کارەشمان کرد.
بەڵام گرفتەکە ئەوەیە یەک پۆلیس سزا نەدراوە، بکوژى ڕۆژنامەنووسێک نەگیراوە و نەدراوەتە دادگا، ئایا ئەم حەقەمان پێنادەن نیگەران بین و ئەم قسانە بکەین؟ ئایا ئێمە کە خۆمان بە داکۆکیکارى ڕۆژنامەنووس بزانین، نابێت چارەنووسیان بزانین؟
بۆیە جیالەوەى خەمى هاوپیشەکەنمانە و خۆشمان بە بەشێک لە ئەزمونى خەڵکى کوردستان دەزانین و هیوادارین بەمنزیکانە وەڵامى داواکانمان وەرگرینەوە و دڵى غەمگینى خانەوادەى شەهیدە ڕۆژنامەنووسەکانمان بە سزاگەیاندنى بکوژانیان کەمێک ئارام بکەینەوە، خوازیارین هەرگیز ڕووداوگەلى وا سامناک و مەترسیدار دڵمان دانەخورپێنێت و هەرێمێکى ئازاد و ئارام و پڕ لە فەزاى ئازاد و ئازادى ڕاگەیاندن عەقیدە و بەیان بخوڵقێنێت و سکاڵا و گلەیمان کۆتایی بێت و ڕۆژنامەنووسان ڕێزیان لێبگرێت و پیشەکەیان بەڕەسمى بناسرێت و یاساش لە سەرەوەى هەموو لایەکانەوە بێت.
دڵنیاش بن هەرێمى کوردستان یەکێک لە شانازییەکانى ئازادى میدیا و ڕاگەیاندنە و پایەیەکى گرنگى گەشەى دیموکراسی و پلۆرالیزم و زامنى کۆمەڵگەیەکى پێشکەوتو و شارستانییە و دووبارەبوونەوەى ئەم ڕووداو گەلانەش ڕێک پێچەوانەى ئەو سەروەرییانەیە.
بەرەو هەرێمێکى ئارام و ئاسودە بۆ هەموو هاوڵاتییان بە تایبەت ڕۆژنامەنووسان
ڕێگاى شەهیدان و شەهیدانى قەڵەم و ئازادیخوازان پڕ ڕێبوار بێت
بە سپاسەوە
ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان
2/11/2018