لەسەروبەندی ئەو روداوانەی لە رۆژاڤای كوردستان رویاندا و رۆڵی نێگەتیڤی هەندێك لایەن لەدژی دۆزی كورد لە سوریاوو ئەو ناهەقی و زوڵم و ستەم لێكردنەی ڕوودەدات.
ئەو هەڵوێستە جوان و یەكانگیرەی كە میدیاكارانی باشوری كوردستان نواندیان، لەگەڵ یەك وتاری سەرجەم میدیاكانمان بە (بینراو ـ بیستراو ـ خوێنراو ـ ئەلكترۆنی) جێگای سوپاس و رێز و پێزانینمانە، هیوادارین ئەم یەك وتاری و یەك هەڵوێستی و یەك بۆچوونە لە سەرجەم كایە و روداو و كارەساتەكانی تریشدا ببینین.
نیگەرانی خۆشمان ناشارینەوە سەبارەت بە دەرئەنجامەكانی پرۆسە سەربازیەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر میدیاكارانمان چ لە كەناڵەكانی باشوری كوردستان كە لە رۆژاڤا كار دەكەن یان ئەو كەناڵانەی كاری میدیایی دەكەن لە ناوچەكانی رۆژاڤای فورات كە هێشتا ئامار و داتایەكی وردمان بەدەست نەگەشتوە لەسەر زەرەر و زیانی نوسینگە و كەناڵەكان و میدیاكاران و شمەك و كەلوپەلەكانیان..
دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی رێكخراوە میدیاییەكانی رۆژاڤا و داوا لە سەرجەم رێكخراوە میدیاییەكانی جیهان دەكەین كە بە وردی چاودێری رەوشی میدیا و پێشێلكاریەكان بكەن چونكە لایەنی هێرشبەر خاوەنی ئایدیایەکی میدیایی ئاشکرا نیە و نازانرێت تا ئێستاش چۆن لە میدیا و ژینگەی میدیایی و ئازادی بیروڕاو دیموكراسی دەڕوانێت.
سەركەوتن بۆ رۆژاڤاو سەلامەتی بۆ میدیاكاران
بۆردی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان
22/1/2026
