لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی ڕۆژی 21/1/2019 ، ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی نووسەر ڕۆژنامەنووس مستەفا سالح کەریم بەڕێوەچوو.
شاندێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە پێکهاتبوو لە : ئازاد حەمەد ئهمین نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کووردستان و ئەنوەر حوسێن جێگری نەقیب و هەندرين ئەحمەد سکرتێری سەندیکا و ئهکەد موراد ئەندام ئهنجوومهنی سەندیکا بەشداریان کرد لەم ڕێوڕەسمەدا كردو نەقیبی ڕۆژنامەنووسان گوتەیەکی پێشکەش کردوو ئاماژەی بەوە کرد کەوا کەلێنی ئەم نووسەر ڕۆژنامەنووسە لە جیهانی ڕۆژنامەنووسیدا بەدیاری دەبین و لەبواری کاری سەندیکاش وەک جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسان رۆڵی بەرچاوی گێڕاوەو هەمیشە لەهەوڵی ئەوە دابووە تەبایی و یەک ڕیزی لە نێوماڵی ڕۆژنامەنووساندا سەقامگیربێت.
هەر لەڕێو ڕەسمەکەدا گوتاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لهلایهن رەهبەر سەید برایم خوێندراوەو بەڕێز کاکە مەم بۆتانی گوتاری یەکێتی نووسەرانی پێشکەش کرد.
شایەنی باسە لەسەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا كورتهیهك لە ژیاننامەی کۆچکردوو پێشکەشکرا .
لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین کەسایەتی و نووسەر و ڕۆژنامە نووس ئامادە بوون.
وتاری ئهنجوومهنی سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستان كه لهلایهن نهقیبی رۆژنامهنووسانی كوردستان خوێندرایهوه.
دهقی وتارهكه:
ماتەمگێڕان و خانەوادەى چلەى مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم
بەناوى خۆم و ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان و ئهندامانی سهندیكای رۆژنامهنووسان، غەم و پەژارەى خۆمان بۆ لەدەستدانى نوسەر و ڕۆژنامەنوس و جێگرى نەقیبى پێشووى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان دهردهبرین .
ئەمڕۆ چل ڕۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر مەرگى مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم، هەر بۆیە دەمانەوێت بە هەموو لایەک ڕابگەیەنین کە سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، ڕۆژنامەنوسێکى بە ئەزمون و قەڵەمێکى بە پێز و دڵسۆزى لە بوارى ڕۆژنامەگەرى لەدەستدا، کە شوێن و کەلێنى ئەو لە جیهانى ڕۆژنامەگەرى کوردیدا ديارو راشكاوه .
لەبەرئەوەى مامۆستا مستەفا نزیکەى شەست ساڵ لە بوارى نوسین و ڕۆژنامەگەرى بە زمانى کوردى و عەرەبی لەم بوارانەدا ڕۆڵى گێڕاوە.
ئەو یەکەم ئەزمونى وتار نوسینى (1952 – 1953) لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردى و عەرەبییەکاندا بوە:
– ساڵى 1952 خۆبەخشانە (2) ساڵ لە ڕۆژنامەى (ژین) کاریکردوە و یەکەمین جاریش هەر ئەو بوە ستوونى ڕۆژنامەنوسی داهێناوە.
– ساڵى 1963 – 1969 بە ناوى قوتابخانەى (شێخ مەحموود)ەوە گۆڤارى (رابەر – المرشد)ى بەرهەردوو زمانى کوردى و عەرەبی دەرکردوە.
– ساڵى 1970 یەکەمین ژمارەى گۆڤارى (دەنگى مامۆستایان)ى دەرکردوە.
– ساڵى 1971 – 1974 لە سلێمانى لێپرسراوى نوسینگەى ڕۆژنامەى (ئەلتەئەخى) بوە.
– ساڵى 1974 – 1975 لە شاخ بەڕێوەبەرى ئێزگەى دەنگى کوردستانى عێراق بوە.
– لە دواى ڕاپەڕینیشەوە ساڵى 1991 – 2018 لە شارى سلێمانى لە ڕۆژنامەى (کوردستانى نوێ) و (ئەلئیتیحاد)دا کاریکردوە، لە ساڵى (2000)یشەوە، جێگرى سەرنوسەرى و لێپرسراوى (ئەلئیتیحاد) بوە.
جگەلەوانە مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم لە دروستکردنى یەکێتى ڕۆژنامەنوسان، یەکێک بوە لە دەستەى دامەزرێنەر و لە یەکگرتنەوەى هەردوو یەکێتى ڕۆژنامەنوسان و سەندیکاى ڕۆژنامەنوساندا ڕۆڵى کارا و گەورەى گێڕاوە لە (2001 – 2011) جێگرى نەقیبى ڕۆژنامەنوسان بوە و ڕۆڵێکى گەورەى گێڕاوە لە خزمەتى سەندیکا و بوارى ڕۆژنامەگەرى کوردیدا.
دواین گۆشەشى لە ڕۆژنامەى کوردستان نوێ دا، کە هەفتانە دەینوسی، ئەزمونى خۆى و دروستبوونى سەندیکاى دەگێڕایەوە، کە دەکرێت وەکو سەرچاوەیەکى گرنگ لە مێژووى سەندیکادا سودى لێوەربگرێت.
ئامادهبوانی بهرێز:
سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، وەک هەمیشە ڕێز لە ئەندامان و هاوپیشەکانى دەگرێت و خوازیارە بە هەموومان ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونەکەیان بگرین کە لە خزمەت قەڵەم و پرسی گەلى کوردستان و بەدیهێنانى ئازادیدا، خەبات و تێکۆشانیان کردوە و لە هەلومەرجى دژوار و نالەباردا پشتى گەلەکەیان و ئەزمونى شۆڕشگێڕانە و دیموکراسیان بەرنەداوە و داکۆکیان لە ماف و بوون و مانەوەى گەلى کورد کردوە.
بۆیە لەم بۆنەیەدا و لە چلەى مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم، سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان بەڵێن دوپاتدەکاتەوە کە بەردەوام بین و لەسەر چەسپاندنى ئازادى و بەدیهێنانى خۆشگوزەورانى بۆ ڕۆژنامەنوسان.
سەرى ڕێز وز نەوازش بۆ ڕۆژنامەنوس مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم و ڕێگاى پڕ ڕێبوار بێت
ئێوەش هەرشاد و سەرکەوتوو بن.
